گەردوون 2026-07-20

فراوانی و گەورەیی گەردوون

فراوانی و گەورەیی گەردوون، گەردوون بۆچی هێنده گەوره و فراوانه ؟ دوريەكان و قەبارەکان و پێوانەكان زۆر سەرسورهێنەرن، روونكردنەوەیەکی سادە و کورت ...

#گەردوونی

فراوانی و گەورەیی گەردوون، گەردوون بۆچی هێنده گەوره و فراوانه ؟

دوريەكان و قەبارەکان و پێوانەكان زۆر سەرسورهێنەرن، روونكردنەوەیەکی سادە و کورت ...

بیرکردنەوە له گەورەیی و فراوانی گەردوون کارێکی ئاسان نیە و توشی سەرسوڕمانمان دەکات، ته نها جيهانێك بۆ مرۆڤ بە دریژایی میژوو، گۆی زەوی بووه، لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە پتر له نیوەی مرۆڤەكان نەوەكو هەر تەنيا شوێنە جیاجیاکانی جیهانە بچوكەکەمان نابینن، بەڵكو لەكاتی له دایکبوونيانەوە، تا مردنیان گوند و شارەکانیشیان جێناهێڵن، بەڵام جيهانى راستەقینەی ئێمە و هەموو بونەوەرەکانیش گەردوونە، گەردوونیش بەم دواییه تێگەیشتووین که هێندە فراوانه بیرکردنەوه له گەورەیی و فراوانیەکەی توشی سەرسوڕمانێکی گەورەمان دەكات، كەلتوور ئێمەی مرۆڤی فێرکردووه زؤر له خۆبایی بین و خؤمان به گەورەتر و گرنگتر بزانین لەوەی که هەین، هەتا هەندێک جار وا دەزانین کە نەمريين، بەڵام بە پێوەرە گەردوونیەكان بێت چۆن بە چاوتروکانێک دروست بووین به هەمان شێوه زۆر زوو ژیانمان كؤتایی پێدێت و لەناودەچین.

ئەگەر له شەوێکی تاریکدا دوور له ڕووناکی شارەکان و لە کاتێكدا مانگ دیارنەبێت بچينه دەرەوە ژمارەیەکی زۆر لە ئەستێرە دەبينين، بەڵام ژمارەی ئەو ئەستێرانەی بە چاو دەیانبینین له نزیکەی پێنج هەزار تێپەڕناکات لەگەڵ چەند پەڵە و تانەیەک کە ئەوانيش له ژمارەی پەنجەکانی دەست تێناپەڕن ...

هەموو ئەو ئەستێرانەی بە چاو دەیانبينين تەنيا هی ناو يەک باڵی گەلە ئەستێرەی ڕێی کاکێشانە کە کۆمەڵەی خۆرى ئێمەی تێدایە، ڕێی کاکیشانیش لەگەڵ ئەوەی تیرەکەی پتره لە سەد هەزار ساڵی تیشكی و له 100 بؤ 200 مليار ئەستێرە پێکدێت، بەڵام تەنها یەک گەلە ئەستێرەیە لەم گەردوونە فراوانەدا، بە پێی سادەترین لێکدانەوە، لە هەموو گەردوونی بینراودا پتر لە سەد ملیار گەلە ئەستێرە هەیە، دووری يان بۆشایی نێوان هەر یەکێکیان لەگەڵ ئەویتر سەدەها هەزار یان ملیۆنەها ساڵی تیشکیە...

بۆچی ساڵی تیشکی بۆ پێوانەی دووریەکەیان بەکاردێنین؟

لەبەر فراوانی گەردوون و بۆشایی ئاسمان بۆ پێوانەکردنی دووریەکان ساڵی تیشکی بەکاردەھێنرێت و کیلۆمەتر بەکارناهێنین، ساڵی تیشکیش ئەو دووریەیە کە تیشک دەیبڕێت لە ماوەی ساڵێکدا، هەر بۆ زانیاریتان تیشک نزیکەی 300 هەزار کیلۆمەتر دەبڕێت له چركەیەكدا له بۆشاييدا ، کەواته ساڵی تیشکی بۆ پێوانه کردنی دووریەکانە نەوەکو کات، ساڵی تیشکی یەکسانە بە 9.46 جاران 10 توان دوازدە کیلۆمەتر، واتە 9.46 ترلیۆن کیلۆمەتر، یەک ترلیۆن دەکاتە هەزار ملیار، وە یەک ملیاریش یەکسانە بە هەزار ملیۆن.

لە ئێستادا گەردوون چەندە گەورە و فراوانە؟ بۆچی ئەوەندە گەورە و فراوان بووە؟

لە گەردووندا لەبەر دووریەکان و سنورداری خێرایی تیشک، ئەگەر تەماشای هەر تەنێک بکەین ئەوا وێنەکانی ڕابردووی ئەو تەنە دەبینین، بۆ نموونە کە تەماشای مانگ دەکەین ئەوا وێنەی کەمێک پێش ئێستای مانگ دەبینین کە زیاترە لە یەک چرکە، وە ئەویش ئەو کاتەیە کە تیشک دەیبڕێت تا لە مانگەوە دەگاتە چاوی ئێمە لەسەر زەوی، کە چاودێری خۆریش دەکەین، ئەو وێنە و دیمەنەی کە دەیبینین پێش هەندێک زیاتر لە هەشت خولەکە، قەزەمە هەسارەی پلوتۆش دوو کاتژمێری تیشکی دوورە، هەروەها تیشک لە نزیکترین ئەستێرە کە(ئەلفا سینتورس) ە پتر لە چوار ساڵی پێویستە تا دەگاتە ئێمە.

تەلیسکۆپی هابڵ توانی ئەو تەنانەی گەردوونمان نیشانبدات کە لە قوڵایی گەردوونن و ملیارەها ساڵ لە ئێمە دوورن، واتە بواری پێداین سنوورە دوورەکانی گەردوون و ڕابردوویەکی دوور ببینین، لەو چاودێریکردنەش دەرکەوت کە بۆشایی ئاسمان لەگەڵ ڕوودانی تەقینەوە گەورەکە و لە ئێستاشدا لە کشان و گەورەبوونێکی بەردەوام دایە، بە گشتی هەموو گەلە ئەستێرە دوورەکانی گەردوون لە یەکتر دووردەکەونەوە، بە هەڵگەرانەوە بان پێچەوانەکردنەوەی کشانی گەردوون و گێڕانەوەی کات ملیارەها ساڵ بۆ دواوە و بە وردی بۆ نزیکەی 13.7 ملیار ساڵ، دەردەکەوێت کە گەردوون لە خاڵێکی بچوکەوە لە تەقینەوەیەکی زۆر گەورە دەستی بە گەورەبوون کردووە، چڕی، هەروەها بڕی ووزەی ئەو خاڵە ئەوەندە زۆربووە کە بە بیر و لێکدانەوەی ئێمەی مرۆ مەزەندە ناکرێت، ئەو خاڵەش ماددە نەبووە. چونکە لەو کاتەدا گەردیلە کە پێکهاتەی سەرەکی ماددەیە، دروست نەبووبوو. گەردیلەکانی هایدرۆجین و هیلیۆم، لە دوای تەقینەوە گەورەکە دروست بوون.

کەواتە تەمەنی خەمڵێنراوی گەردوون بە پێی هەموو لێکدانەوەکان لە ئێستادا 13.7 ملیار ساڵە ( 13700 ملیۆن ساڵ )، لەبەرئەوەی گەردوون هەر لە سەرەتای دروستبوونیەوە تاوەکو ئێستاش لە کشانێکی بەردەوامدا بووە، ئەوا بەپێی هەندێک لێکدانەوەی ماتماتیکی دەردەکەوێت لە ئێستادا تیرەکەی هەندێک پترە لە 93 ملیار ساڵی تیشکی، تەلیسکۆپی هابڵ دەریخست کە تاودانی ئەو گەورەبوونەش بە تێپەڕبوونی کات زۆرتر دەبێت، واتە خێرایی فراوانبوونی گەردوون بە تێپەڕبوونی کات زۆرتر دەبێت.

نوسین: لوقمان حەوێز

پێداچوونەوەکان

0 پێداچوونەوە

هیچ پێداچوونەوەیەک نییە

کتێبە هاوشێوەکان

بابەتەکانی تر لەوانەیە سوودی هەبێت بۆت.

بینینی هەمووی
هەسارەکانی کۆمەڵەی خۆر

کۆمەڵەی خۆر بریتییە لە کۆمەڵێک هەسارە و مانگ و نێزەک و گاز و خۆڵ کە بە دەوری ئەستێرەی خۆردا دەسوڕێنەوە. ئەم سیستەمە پێکدێت لە هەسارەی بەردین کە بریتین لە عەطارد، ڤینۆس، زەوی و مەریخ، زەبەلاحە گازییەکان لەوانەش موشتەری و زوحەل، هەروەها زەبەلاحەکانی سەهۆڵین لەوانە ئۆرانۆس و نەپتون.