مەترسییەکانی ئەندازیاری کۆمەڵایەتی و چۆنیەتی پاراستنی شوێنەواری دیجیتاڵی

ئەندازیاری کۆمەڵایەتی یەکێکە لە گەورەترین هەڕەشەکانی سەر ئاسایشی ئەلیکترۆنی، لەم بابەتەدا باس لە چۆنیەتی پاراستنی زانیارییە کەسییەکانت و کەمکردنەوەی مەترسییەکان دەکەین.

زۆرجار وا بیردەکەینەوە کە هەبوونی دژەڤایرۆسێکی بەهێز یان دیوارێکی ئاگرین (Firewall)ی ئاڵۆز بەسە بۆ ڕێگریکردن لە هێرشە ئەلیکترۆنییەکان، بەڵام ڕاستییە تاڵەکە ئەوەیە کە ئاڵۆزترین و پارێزراوترین سیستەمی کۆمپیوتەریش خاڵێکی لاوازی گەورەی هەیە: مرۆڤ خۆی لەم خاڵەدایە کە چەمکەکانی ئاسایشی ئەلیکترۆنی و دەروونناسی تێکەڵ دەبن.

ئەندازیاری کۆمەڵایەتی: هاککردنی مێشکی مرۆڤ ئەندازیاری کۆمەڵایەتی (Social Engineering) زاراوەیەکە بۆ کۆمەڵێک تەکنیکی فێڵکردن بەکاردێت کە ئامانج لێی قۆستنەوەی (متمانە، ترس، یان تامەزرۆیی) مرۆڤەکانە، لە جیاتی ئەوەی هاککەرێک کاتێکی زۆر خەرج بکات بۆ شکاندنی کۆدێکی نهێنی ئاڵۆز، زۆر ئاسانترە تەلەفۆن بۆ کەسێک بکات، خۆی وەک کارمەندی بەشی ئایتی (IT) بناسێنێت، و ڕاستەوخۆ وشە نهێنییەکەی لێ وەربگرێت، ئەم جۆرە هێرشانە پشتبەستوون بە سروشتی هاوکاریکردنی مرۆڤ یان پەلەکردن لە کاتی دروستکردنی هەستی فریاگوزاریدا.

شوێنەواری دیجیتاڵی و هەواڵگری سەرچاوە کراوەکان (OSINT) پێش ئەوەی هیچ هێرشێک ئەنجام بدرێت، هێرشبەران زانیاری کۆدەکەنەوە، هەموو (لایکێک، کۆمێنتێک، وێنەیەکی بڵاوکراوە، یان پۆستێکی سۆشیال میدیا) دەبێتە بەشێک لە شوێنەواری دیجیتاڵیت (Digital Footprint)، لە ڕێگەی بەکارهێنانی تەکنیکەکانی هەواڵگری سەرچاوە کراوەکان (OSINT)، دەتوانرێت پرۆفایلێکی زۆر وردی هەر کەسێک دروست بکرێت، دەتوانرێت بزانرێت ئارەزووی چ جۆرە فیلمێک دەکەیت، چ جۆرە کیبۆردێک یان ئامێرێک بەکاردەهێنیت، یان لە چ زانکۆ و شوێنێک دەخوێنیت، دواتر ئەم زانیارییانە بەکاردەهێنرێن بۆ ناردنی ئیمەیڵێکی فیشینگی (Spear Phishing) زۆر تایبەت کە ڕەتکردنەوەی مەحاڵ بێت.

جۆرە پێشکەوتووەکانی هێرشکردن:-

  • فیشینگی ئامانجدار (Spear Phishing): جیاواز لە ئیمەیڵە سپامە ئاساییەکان، ئەم ئیمەیڵانە زانیاری کەسی تێدایە (وەک ناوی پڕۆژەیەک کە کاری لەسەر دەکەیت یان ناوی مامۆستایەک)، کە وا دەکات قوربانییەکە بە تەواوی باوەڕی پێ بکات.

  • ڤیشینگ (Vishing): فیشینگە لە ڕێگەی پەیوەندی دەنگییەوە. زۆرجار هێرشبەرەکان دەنگی ساختە (Deepfake Voice) بەکاردەهێنن بۆ لاساییکردنەوەی دەنگی کەسێکی ناسراو.

  • دواییکەوتن (Tailgating): تەکنیکێکی فیزیاییە کە تێیدا هێرشبەرێک بەدوای کەسێکی ڕێگەپێدراودا دەچێتە ناو بینایەکی پارێزراوەوە، زۆرجار بە بەهانەی ئەوەی شتومەکی زۆری پێیە و ناتوانێت دەرگاکە بکاتەوە.

ڕۆڵی هاککردنی ئەخلاقی (Ethical Hacking) لە بەرگریدا، لێرەدا ڕۆڵی گرنگی ئاسایشی ئەلیکترۆنی و هاککەری ئەخلاقی دەردەکەوێت، بۆ ئەوەی ڕێکخراو و دامەزراوەکان بپارێزرێن، دەبێت وەک هاککەرێک بیربکەنەوە، هاککەرە ئەخلاقییەکان هەمان تەکنیک و ئامرازەکانی هاککەرە خراپەکان بەکاردەهێنن (بە مۆڵەتی پێشوەختە) بۆ دۆزینەوەی کەلێنە ئەمنییەکان لە سیستەمەکان و تەنانەت لە کارمەندەکانیشدا (لە ڕێگەی تاقیکردنەوەی ئەندازیاری کۆمەڵایەتییەوە)، ئامانجیان ئەوەیە ئەو کەلێنانە دابخەن پێش ئەوەی کەسانی تێکدەر بیاندۆزنەوە.

چۆن کلتووری ئاسایش دروست بکەین؟ پاراستن لەم جۆرە مەترسییانە تەنها بە سۆفتوێر ناکرێت، بەڵکو پێویستی بە هۆشیارییە، جێبەجێکردنی پرەنسیپی "متمانەی سفر" (Zero Trust)، چالاککردنی دوو هەنگاو بۆ چوونەژوورەوە (2FA)، و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە پێش بڵاوکردنەوەی هەر داتایەک یان کلیک کردن لەسەر لینکێک، باشترین قەڵغانی بەرگرین لە جیهانی دیجیتاڵیدا.

پێداچوونەوەکان

0 پێداچوونەوە

هیچ پێداچوونەوەیەک نییە

کتێبە هاوشێوەکان

بابەتەکانی تر لەوانەیە سوودی هەبێت بۆت.

بینینی هەمووی
بەشی ئایتی

بەشی تەکنەلۆجیای زانیاری و پەیوەندییەکان (Information Technology - IT) یان وەک لە ناوەندی خوێندندا کورتکراوەتەوە بۆ (IT)، یەکێکە لە پڕخوازترین و گرنگترین بەشەکانی خوێندن لە هەرێمی کوردستان لە ئێستادا. ئەم بەشە تیشک دەخاتە سەر بەکارهێنان، پەرەپێدان و بەڕێوەبردنی سیستەمە کۆمپیوتەرییەکان.