ژیری دەستکرد و ململانێی زلهێزەکان
(ژیری دەستکرد و نوێترین ململانێی زلهێزەکانی جیهان )
لەسەردەمی ئێستا بەهۆی پێشکەوتنی وڵاتان و هەوڵدان بۆ پەرەپێدانی بواری تەکنەلۆجیا و ژیری دەستکرد جاروبار کێشە و پێکداپژانی وڵاتان ئەبیستین و ئەگەر لەڕووی دیبلۆماسی پێشی پێنەگیرێ ئەکرێ ببێتە هۆی شەڕ و جەنگ ، نوێترینیان بریتیە لەکێشەی نێوان ئەمریکا و چین لەسەر پڕۆسێسەری ژیری دەستکرد (Artificial intelligence chips) .
وەک ڕون و ئاشکرایە ئەمریکا لەبواری تەکنۆلۆجی پێشکەوتوترین وڵاتی جیهانە ، وە زۆربەی تەکنەلۆجیا نوێیەکان لەوێ سەرهەڵئەدەن برەوی پێئەدرێ و ئەمریکیەکان دەستێکی باڵایان هەیە لەوبوارە ، نوێترین داهێنانیشیان بریتیە لە ژیری دەستکرد و مۆدێلێکی دروستکەر بەناوی (Chat Gpt) . ئەو مۆدێلە لە بەرواری 30/11/2022 بڵاوکرایەوە کە کۆمپانیای (openAi) گەشەی پێداوە و دروستی کردووە کە مۆدێلێکە سەرەتا ڕاهێنانی پێکراوە و داتای تیادا تۆمارکراوە و توانای دروستکردنی ناوەڕۆکی نوێی هەیە . دوای ئەویش چەندین مۆدێلی دیکە وەکو (claude,gemini,deespseek, copilot,manus,...)
دروستکران و بڵاوکرانەوە .
ئەو مۆدێلانه بۆ کارکردن پێویستیان بە کۆمپیوتەر و پڕۆسێسەرێکی بەهێز هەیە و جۆرێکی تایبەتی cpu ی پێویسته ، بۆیە ئەو کۆمپانیایانەی ئەو چیپانە دروست ئەکەن کەوتنە کار و پێشبڕکێ و هەندێکیان تێیدا سەرکەوتووبون وەکو (Nividia,Samsung,Intel,Microsoft google ,Apple,IBM...) .
بەڵام لەئێستادا کۆمپانیای Nvidia باشترین چیپی زیرەکی دەستکرد دروست دەکات و خواستی زۆری لەسەرە بەتایبەت لەناوەخۆی ئەمریکا ، بەڵام بۆ ڕێگرتن لە پێشکەوتنەکانی چین و هاتنە ناو بازاڕی AI ئەمریکا لە ساڵی 2022 بڕیاری دا کە کۆمپانیای نیڤیدیا نابێت چیپەکانی خۆی بفرۆشێ بە چین بەبیانوی ئەوەی لەبواری سەربازی بەکاری دێنێ و دەبێتە هەڕەشە بۆسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا . لەوکاتەوە ململانێیەکی زۆر توند هەیە لەنێوان چین و ئەمریکا و بەردەوام هەڕەشە لە یەکدی دەکەن و کۆمپانیاکانی هەردوولا هەوڵی دروستکردنی ئەو چیپانە دەدەن بۆ وڵاتی خۆیان . لەنوێترین هەوڵیشدا کۆمپانیای هواوی چیپی زیرەکی دەستکردی بەناوی (Ascend 910c) دروستکرد کە هاوشانی چیپەکانی کۆمپانیای نڤیدیایە و هەمان توانای هەیە و کۆمپانیای ناوبراو ڕایگەیاند دەتوانن پێداویستی وڵاتی چین پڕبکەنەوە لەو چیپانە و چیتر پێویست ناکات داوای چیپی نڤیدیا بکەن لە ئەمریکا لە دانوستانەکانی نێوانیان.
لێرەشدا چینیەکان توانیان ڕووبەڕووی ئەو ئاڵنگارییە ببنەوە کە هاتە پێشیان و سەرکەوتووبوون تێیدا ، چین زانیاری لەلایە کە وڵاتی تایوان تواناییەکی زۆری هەیەلەبواری دروستکردنی چیپ و ئەو دورگەیە لەڕوانگەی مێژویی بە بەشێک لە وڵاتی چین دەزانێت بۆیە دەیەوێت دەستی ئەمریکا لەوێ ببڕێت و دەستبەسەر خاک و تەکنەلۆژیا و پیشەسازی چیپی تایوان دابگرێت و تا ئێستاش مانۆڕی سەربازی ئەنجام ئەدات و زانیاری هەواڵگری CIA ئەمریکی دەڵێت سەرۆکی چین فەرمانی بەسوپای وڵاتەکەی داوە خۆیان ئامادەبکەن بۆ داگیرکردنی تایوان لەساڵی 2027 .
لێرەدا بۆمان دەردەکەوێ دەکرێ ژیری دەستکرد تەنانەت ببێتە هۆی هەڵگیرسانی جەنگی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی ، وڵاتان لەجیاتی ئەوەی هەوڵبدەن سود و قازانج لە ژیری دەستکرد وەرگرن و ژیانی خەڵکی خۆیان پێباشتر و چالاکانەتر بکەن هەوڵ ئەدەن بیکەنە ئامرازی بازرگانی و سەرمایەداری و خۆیانی پێ دەوڵەمەند بکەن .
لەڕۆشنایی ئەو بابەتەدا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێ پێویستە ئێمەی خەڵکی کوردستان هەوڵ بدەین خۆمان ئاشنا بکەین بە ژیری دەستکرد و بتوانین لە کایەکانی ژیانی خۆمان بەکاریبێنین و خۆمان فێری بنەماکانی بکەین ، وە پێویستە وەزارەتی پەروەردە بابەتێکی تایبەت زیادبکات لەپڕۆگرامی خوێندن بەناوی ژیری دەستکرد هەروەک وڵاتی ئیماڕات جێبەجێی کرد چونکە لەگرنگی ئەو بوارە گەیشتوون . بەپێی توێژینەوەکان ئێستا نزیکەی 391 ملیار دۆلار تەرخان کراوە لە تەکنەلۆژیای AI لەلایەن وڵاتانی جیهان ، بۆیە پێویستە و گرنگە ئێمەش وەک نەتەوەی کورد ڕۆڵمان هەبێت و ئەسپی خۆمانی لێ تاودەین، تەنانەت ئەتوانین بیکەینە ئامرازێک بۆ پاراستنی زمانی شیرینی کوردی و پتەوکردنی فەرهەنگی زمانەوانی خۆمان .
عمر رزگار
ئەندازیاری کۆمپیوتەر