من غوربەتم
▪️خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی "من غوربەتم"
▪️ ناسنامەی کتێب: من غوربەتم، ئارام فەتحی. ۱٦۵ لاپەڕە، مهریوان ۱۳۹۵.
▪️شەهلا دەباغی (ماجستێر ئەدەبیات - زانکۆی سودێرتۆرن 🇸🇪)
▪️کەوتنە ناو گێژاوی غوربەت بە هۆی جیاوازی وەک شەڕ، کێشەکانی ئابووری، کارەساتی سروشتی، دەسەڵاتی سیاسی و تۆتالیتاریسم لە دەورانی باستانەوە تا ئێستا کێشەیەکی وجوودی بووە و باسی کۆچ لە ڕێگای ڕەوایەت و زمانەوە خوێندنەوەی لەسەر کراوە. لە مێژووی هاوچەرخ و مۆدێڕندا زۆر نووسەری ناسراو وڵاتی خۆیان جێهێشتووە و بۆ شوێنی دیکە کۆچیان کردووە، هێندێک بە خواستی خۆیان و هێندێک بە ناچار. نووسەرانی بەناوبانگی وەک #جۆیس، #برێشت، #کافکا و زۆری دی کۆچ و نامۆیییان ئەزموون کردووە کە لە زمان و نووسینەکانیان ڕەنگی داوەتەوە.
▪️لە ناو شاعیران و نووسەرانی کوردیش زۆربەیان دەردی تاراوگەیان چێشتووە و "غوربەت"ی خۆیان هۆندۆتەوە و نووسیوەتەوە. ڕەنگە بەناوبانگترین شێعری تاراوگە ناڵەی جودایی ماموستا #هێمن بێ:
▪️ بۆ منی بابردەڵەی گردە نشین
بۆ منی دڵ پڕ لە ناسۆر و برین
بۆ منی ئاوارە و دورە #وەتەن
بولبولی بێ بەش لە گوڵزار و چەمەن
▪️من غوربەتم بە دوای یەکەم کتێب (ئەوەندە بە مردنا تکاوم) دووهەمین کتێبە شێعری شاعیری گەنج ئارام فەتحی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. ئارام لە نێوان ساڵانی ٢٠١٥ تا ٢٠١٦ بە ئەزموونی کۆچ دا تێپەردەبێت، لە زێد بۆ دەرەوەی وڵات و دواتر گەڕانەوە بۆ وڵات. من غوربەتم لەو دەورەیە لە ژیانی شاعیردا دەنووسرێ.
▪️ #بەختیار_کەریمی ڕەخنەگری ئەدەبی، لە بابەتێک لە ژێر ناوی غوربەتێک نێوان دۆزەخی رابردوو و خاپورستانی ئێستا سەبارەت بە من غوربەتم دەنووسێ:
▪️"شاعیر ههر لهسهرهتای كتێبهكهدا ئهڵێت: من له شیعردا دهبم به وهی كه ههم. له وشهدا دهبمه حهقیقهتی خۆم. شاعیر ههر له سهرهتادا حوكمی خۆی داوهو پێویست بهلاڕێ چوون ناكا. حەقێقەتی تاکێکی دیاریکراو بەناو ئارام نیە، بەڵکوو ململانێی مرۆڤە لە گەردوون بۆ چەسپاندنی حەقێقەتی بوونی. بوونێکە بەردەوام نەبوونی حەقێقی بووە تاکوو بوونی. #ئارام شاعێرێکی کۆمەڵایەتی، بەرپرسیار و هزرمەندە کە بەزمانی شێعرەوە لەگەڵ گەردوندا دێتە دواندن.
▪️پێوندی گرتنی وەرگر لەگەڵ بەرهەمی من غوربەتم دژوار نیە، چونکو زمانی ئارام، زمانێکی نامۆ و قورس و بێناوەرۆک و ناحەز نیە کە زەوقی خوێنەر تێکبدا و چیتر سەرنجی نەداتێ، زمانی شێعری بە پێی شێوازی داڕشتن لە وشە و کار و سێفەت و سەرجەم ئێلمانەکانی زمانوانیدا گۆڕان و نوێگەرایی تێیدایە و ئەم جوانکاریانە لە بەشی مانای نوێ و خۆلقانی وێنای نوێ بە روونی بەرچاو دەکەوێ. بۆیە وەکو شاعێرێکی نوێگەرا لەململانێی زمان و مانا و تەکنیکی شێعری سەرکەوتو بووە.
▪️بەردەوام بەردەنگ خۆی ئامادەی نوێیەتیەک ئەکات، زەمان لە حەساری ڕووداو تێپەریوە، زمان و زەمان لە ململانێی بوونێکی هەتایی، گەردوون دێننە سەما، وشە لە باڵای مانا بەرەو ئافراندنی تابلۆی گەردوون سەرکەش دەبێ."
▪️ئارام فەتحی هەر لەسەرەتای کتێبەکەیەوە تا ئاخر لاپەڕەکان خەریکی گواستنەوەی ئەزموونە لە ڕێگای زمان. فەتحی گەنجە بەڵام بە ئەزموونێکدا تێپەڕیوە کە قەدەری زۆربەی ئینسانی کوردە.
▪️فەتحی خۆی لە پێشەکی من غوربەتم دا قسەی خۆی کردووە و ژیانی شاعیرانەی خۆی ئەوها هێناوەتە بەر باس: "#نیچە دەڵێت: ببە بەوەی کە هەیت. من لە شیعردا دەبم بەوەی کە هەم. لە وشەدا دەبمە حەقیقەتی خۆم.
▪️ ئەم کتێبە سێ بەشی شیعری و کە خۆی لە چوار بەش پێک هاتووە بەشێکیش چەند دەقێکی بێتاقەت؛ دووهەمین کتێبی شیعرمە یان باشترە بڵێم بەشێکی تر لە حەقیقەتی من یان درێژەی حەقیقەتمە.
▪️لەم کتێبەدا زمان و ڕۆحێکی یەکدەست لەوانەیە بوونی نەبێت و شیعرەکان لە چەند جۆر زمانی جیاوازدا دەرکەوتبێتن؛ ڕاستییەکەی ئەوەیە کە من بڕوام بە زمانێکی یەکدەست بۆ کتێبێکی شیعر بەنیسبەت خۆمەوە نییە؛ چونکوو منی دەروونم بەردەوام لە گۆڕان و لە من بوونی تازە یان دیکە دایە و ئەو منە تازەیە بۆ نووسینەوەی خۆی، زمانی نووسینی خۆی هەڵبژاردووە.
▪️ لەوانەیە لە بڕێک شوێندا منەکانی ئەم شیعرانە جیاوازییەکی بەرچاویان لەگەڵ یەکدیدا ببێت و تەنانەت لە دیدی خوێنەردا دژبەیەکیش بن؛ بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە من ئەو منانە ژیاوم؛ ڕەنگە ئێستا ئەوانە نەبم (ڕەنگە بیشبم). گرنگ ئەوەیە کە ئەمانە سەردەمێکن لە ((من))م.
◾️ سەرچاوە "ماڵی کتێبی کوردی"
▪️ @kurdishbookhouse