میتۆدناسی: سەرەتایەک لەسەر میتۆدەکانی لێکۆڵینەوە لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا
«میتۆدناسی: سەرەتایەک لەسەر میتۆدەکانی لێکۆڵینەوە لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا»
✍️ #فەرشاد_سەلیمی
▫️خوێندکاری دوکتۆرای مێژووی زانکۆی بهههشتی تاران _ ئەندامی دەستەی نووسەرانی «ماڵی کتێبی کوردی»
📖 کتێبی " میتۆدناسی: سەرەتایەک لەسەر میتۆدەکانی لێکۆڵینەوە لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا "، بەرهەمێکی ٢٢٢ لاپەڕەییە، لە قەبارەی ئاساییدا کە لە ڕووی دابەشکاری ناوەڕۆکەوە ٩ بەش و ٢ وتاری نووسەر لە خۆ دەگرێت و لە هەر بەشێکیدا ئاوڕ لە پارادایمێکی گرنگی جیهانی زانستە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکان دراوەتەوە. لەم ڕانانەدا هەوڵ دەدرێت بە پێی داڕشتەی ناوەڕۆکی کتێبەکە، مژاری هەر کام لە بەشەکان بە وردی بناسرێن.
🔻پوختەی ناساندنی ناوەڕۆکی کتێب:
پێشەکی/ پێشوتاری نووسەر:
وەک دەستپێکی کتێبەکە بریتیە لە ئاوڕدانەوەیەکی، مێژوویی وەسفی_ شیکاریی ڕەوتی سەرهەڵدان و گۆڕانکاری میتۆدەکان لە بەستێنی ئاڵوگۆڕە فەلسەفی و مەعریفییەکانی رۆژئاوادا.
بەشی یەکەم/ مشتوومڕە پارادیمییەکان لە بواری میتۆددا:
وەک پێشەکییەک بۆ حەوت بەشی دواتر، تیشک دەخاتە سەر ڕۆڵی پارادایمەکان لە بواری میتۆددا.
بەشی دووهەم/ پارادایمی پۆزیتیڤیزم و پاش¬پۆزیتیڤیزم:
بە پێداچوونەوەیەکی مێژوویی لە سەر ئاخێزگە و ڕەوتی پۆزیتیڤزم دەستپێدەکات و دوای دەستنیشانکردنی بیرمەندە ئەزموونخوازەکانی ئەم پارادایمە، بنەما فەلسەفی و فیکرییەکانی، دیاری و شرۆڤە دەکات.
بەشی سێیەم/ پارادایمی تەفسیری _ بنیادنەری:
بە هەڵدانەوەی یەکەم لاپەڕەکانی سەرهەڵدان و گەشەکردنی ئەم پارادایمە دەستپێدەکات و لە درێژەدا "هەڵوێستە بناغەییەکان" و "توخمەکانی" ئەم پارادایمە دەخاتە بەر باس و لێکدانەوە.
بەشی چوارەم/ پارادایمی ڕەخنەیی:
بە ئاماژەدان بە بیرمەندان و قوتابخانە دامەزرێنەر و درێژەپێدەرەکانی ئەم پارادیمە دەپەرژێتە سەر بنەما پارادایمییەکانی و هەروەها شیکردنەوەی سروشتی وتووێژیی میتۆدناسیی ڕەخنەیی.
بەشی پێنجەم/ پارادایمی فێمینیزم:
بە سەردێڕی "مەعریفە، جنسیەت و دەسەڵات"، باس لە ڕەهەندەکانی پارادایمی فێمینیزم دەکات و تواناسازی #ژنان و ڕزگارکردنیان لە سیستەمی پیاوسالاری و گەیاندنیان بە هاوسەنگی لە هەموو بوارەکاندا وەک ئامانجی لێکۆڵینەوە دیاری دەکات.
بەشی شەشەم/ پارادایمی پاش مودێڕن:
لاپەڕەکانی مێژووی پارادایمی پاش مودێڕن لە پەنجا ساڵی ڕابردوودا هەڵدەداتەوە و وێڕای ئاماژە بە سەرهەڵدانی ئەم چەمکە لە بوارە زانستی و هونەرییە جیاوازەکاندا بە وردبوونەوە لە بواری کۆمەڵناسیدا، بیرمەند و تیۆری و قوتابخانە و ڕیبازە کاریگەرەکانی ئەم پارادایمە دەناسێنێت.
بەشی حەوتەم/ پارادایمی پراگماتیزم:
لە ژێر سەردێڕی "حەقیقەت و قازانج"دا سیمای مەعریفە لە ڕوانگەی پراگماتیزمەوە، وەک پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و بنەمایەک بۆ ڕاستیی جیهانێک کە مرۆڤ تێیدا دەژی و ئەزموونی دەکات، پێناسە دەکرێت و ڕوانینی ئامرازییانەی بۆ تیۆری بە پێی بەکەڵک بوونی بۆ تێگەیشتن لە جیهانی کۆمەڵایەتی لێک دەدرێتەوە.
بەشی هەشتەم/ شێوازی نووسینی پلانی توێژینەوە:
لەم مژارێکی ڕاهێنانە و ڕێنماییکەردا، نووسەر هەوڵ دەدات لە دووتوێی پلانێکی پوخت و هەنگاو بە هەنگاودا، قۆناغەکانی نووسینی پلانی توێژینەوە بە پێێ یاسا و پێوەرە ئاکادیمیکییەکان دیاری بکات.
بەشی نۆیەم/ فەرهەنگۆکی فەلسەفەی میتۆدناسی:
لە زیاتر لە ٦٥ لاپەڕەدا ئاوڕ لە پێناسەکردنی چەمکەکان دراوەتەوە و دوای هاوردنی وشە و چەمکە لاتینیەکان و دانانی هاوواتا کوردییەکانیان، سەبارەت بە هەر یەک لە چەمکەکان، بە پێی ڕێژەی گرنگی و قورسایی مانایان پێناسەی پێویستیان بۆ کراوە.
پاشکۆی نووسەر:
لە پاشکۆدا تیشک دەخرێتە سەر مەبەست سەرەکییەکانی نووسینی ئەم بەرهەمە و، ویستی ئاگادار کردنەوەی خوێنەر لە بناغە فەلسەفی و پارادایمییەکانی میتۆدەکانی توێژینەوە لە زانستە مرۆییەکاندا، وەک ئامانجی سەرەکی دەناسێندرێت.
▪️ سەرچاوە/ Kurdish Book House