ئایا لولوبییەکانیش گەلێکی تری کوردستانی کۆنن؟
ئایا لولوبییەکانیش گەلێکی تری کوردستانی کۆنن؟
لە پاشماوەی سەرچاوە مێژووییەکانی کۆنی (وڵاتی نێوان دوو ڕووبار) باسیان هاتووە، بە تایبەتی ئەکەدییەکان (٢٢٠٠-٢٣٥٠- دوو هەزار و دووسەد تاکو دوو هەزار و سێ سەدی پێش زایین). لە ئۆپەراسیۆن و شاڵاوە سەربازییەکان کە دژی خەڵکی چیانشینەکان ئەنجامیان داون، ئاماژەیان پێکردوون و دامەزرێنەری دەوڵەتی ئەکەدی (سەرجۆنی ئەکەدی) و بە کوڕەزاکەی (نەرامسین ٢٢٥٥-٢٢٩١- دوو هەزار و دووسەد و پەنجا و پێنج تاکوو دوو هەزار و دووسەد و نەوەد و یەکی پێش زایین) چەندها جار هێرشی سەربازی دەکاتە سەریان. ناوەکەیان بە چەند شێوازێکی جیاواز هاتووە وەک لولوبو، لولو، لولومو تەنیا زاراوەی (لۆلۆ) نەبێ ئەکەدیەکان بەکاریان هێناوە.
لە سەردەمی ئاشوورییەکاندا لە شاڵاوی هەڵمەتە سەربازییەکان کە چەندها جار هەڵیان کوتایە سەر کوردستان. لە یاداشتەکانیان بە شێوازی (زاماوا، مازماوا، زاماوا شابیتانی)، “ما” لە بنەڕەتدا (مات)ە لە نووسینی مێخی بە واتای وڵات دێت و هەندێک جاریش بە شێوازی (کور-زاماوا) یا (عال-کور-زاماوا) بە واتای: (زاماوا) چیای بڵند یاخود کێوستانی بەرز دێت.
لە دەقەکانی هەزارەی دووەمی پێش زایین، جگە لە واتە نەژادییەکەی بیانی و چیایشی دەگەیاند، (هورییەکان) ئەم ناوەیان بە ئەو کوێستان نشینانە دەگوت کە سەرانەیان لێ دەسەندن.
شوێنی جوگرافی لولوبییەکان، بەپێی نەخشەی جوگرافی ناتوانرێت بە وردی زێدی نیشتەجێبوونی لولوبییەکان دیاری بکرێ. ئەوەی هەیە ئاماژەی پێکراوە گریمانەی مێژوونووسان و شوێنەوارناسانە. نیشتمانی لولوبییەکان بە گشتی کەوتووەتە بەشێکی کوردستانی ڕۆژهەڵات و باشوور. هەر وەکوو دیاکۆنۆف دەڵێ: هۆزەکانی (لۆلۆ) بەشێکی زۆریان لە کێو و شاخەکانی بەشی سەرەوەی (دیالە)ی گرتبووە تاکوو دەریاچەی ورمێ تاکوو ئەو لاتر بەرەو ژووری ڕۆژئاوا ئەم ناوچانەیان داپۆشی بوو. ناوچەی سلێمانی ئێستا شوێنی بنەڕەتی بووە کە لە دەشتی شارەزوور گیرسا بوونەتەوە.
هەرچی (محەممەد ئەمین زەکی) مێژوونووسە، جوگرافیای وڵاتی لولوبییەکان بەم جۆرە دیاری دەکات. (لە باکووری زاموا ناوچەی نامری، لە لای ڕۆژهەڵاتییەوە دەوروبەری سۆمی، هاشمار، هاهار، هالمان، نارمان، لە ناوەوەی دەوروبەری، لارا، سیماش، کیماش بووبێ. لە لای باشوورەکەیەوە لەگەڵ وڵاتانی باراهسی و توکریشی عیلامی دا دراوسێ بووبێ. لە لای ڕۆژئاوایەوە وڵاتی ئارفا ئەرەبخا، واتە کەرکووکی ئێستا هەبووە.)
بەپێی بەڵگە مێژوویی و شوێنەوارییەکان، ئەو چەند شوێنەی کە مێژوونووسی کورد ئاماژەی پێکردوون، لە ڕۆژگاری ئەمڕۆ ئەوها دیاری کراون. (نامری) کە ناوچەکانی پشدەر و سەردەشتە، هاهار هەڵەبجەی ئێستایە، نارمان ڕەنگە هەورامان بووبێ.
پاشا (سەرجۆنی ئەکەدی) لە نووسراوە سەربازییەکانیدا باسی شوێنی (لولوبییەکان) ڕاستەوخۆ دوای (ئەرەنجا) دەهێنێ و دەڵێ: وڵاتەکەیان کەوتووەتە نێوان (ئۆرونا-Aruna) و (سینو-Sinu)ەوە. ئۆرونا ئەو ناوچانە بوونە کە کەوتوونەتە گۆی ڕووباری دجلە-دەچڵە لە ناوچەی زێی بچووک. شوێنی (سینۆ-Sinu) لە ڕۆژگاری ئەمڕۆ هێشتا دیاری نەکراوە.
ئەو وێنە هەڵکۆڵینەی دەربەندی (گاور) لە قەرەداغ نەخش کراوە، پێشتر وێنەی (نەرام-سین) دەخەملێندرا، بەڵام توێژینەوە نوێیەکان ئەو پاشایەی سەر نەخشەکە بە پاشایەکی لولوبی دادەنێن. ئەمەش ئەوە دەردەخا کە دەسەڵاتی لولوبییەکان ئەم ناوچەییش یا لەم ناوچەییش بەرقەرار بووە.
دۆزینەوەی نەخشەکەی پاشای لولوبی (ئانۆبانینی) لە قەد شاخی (سەر پێلی زەهاو) لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وایکردووە زۆر لە توێژەران بێنە سەر ئەو باوەڕەی کە وڵاتی لولوبییەکان تا ئەم شوێنەی سەر ڕووباری (ئەلوەند) لە باشوور درێژ بووبێتەوە.
هەڵکۆڵینی ئەم نەخشە لەو ناوچەیە چ لە ئەنجامی سەرکەوتنی سەربازی بێت یا کۆچڕەوی ئاشتیانە، ناکرێ بە بەڵگەی درێژبوونەوەی دێمۆگرافیانە بژمێردرێت. هەر وەکوو لە مێژووی کۆندا باوە پادشایان و دەسەڵاتدارانی سەرکەوتوو و براوە “میلی” سەرکەوتنیان لە وڵاتانی بێگانە دروست کردووە کە سەرکەوتنەکانی خۆیان تێدا هەڵکەندووە. دەشێت ئەم نەخشەیەش یەکێک بێت لەوانە و لە هەمان کاتیشدا دەشێت لەوانە نەبێت.
بە بۆچونی هەندێ مێژوونووسی سنووری دەسەڵاتی (لولوبییەکان) هەتا ئەم ناوچەیە بووە یاخۆ شوێنەکە دوور بووە لە دەسەڵاتی ئانۆبانینی چونکە لەو نووسراوەی دا وتراوە (ئانۆبانینی) پادشای (لولوبۆم) وێنەی خۆی و وێنەی عەشتاری نەخش کردووە لە چیای (بادیر).
ناوی خۆی و شوێنی بەردە نووسراوەکە بە ئاشکرا باسی کردووە. ئەمەش ئەوە نیشان دەدات ناوی ناوبراو زۆر پیرۆز و گرنگ بووە. بۆیە وا دەردەکەوێت شوێنی سنووری دەسەڵاتی (ئانۆبانینی) بووبێت. چونکە ئەگەر نووسراوەکە لە ناوەندی دەسەڵاتداری ئەو بوایە پێویست نەدەبوو ناوی کێوەکە بۆ خوێنەران باس بکرێت چونکە هەموو دەیانزانی و لەوەوە ئاگادار بوون.
بۆچونی تر ئاماژە بەوە دەکەن بۆ (لولوبییەکان) زەحمەت نەبووە بۆ ئەم ناوچەیەش بکێشێت چونکە ئەو جوگرافیایەی (سەرجۆنی ئەکەدی) تۆماری کردووە بێنەوە یاد کە هەموو ئەو سەرزەمینانەی حساب کردووە کە لە سەرچاوەکانی سیروان و زێ خوارو تا دەگاتە دەریاچەی ورمێ
لەمەوە دەفامرێتەوە کە (لولوبیەکان) گەلێکی بەهێز بوونە لە بەشێکی زۆری ناوچەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و باشور نیشتەجێ بوون.